Direct Feed

Clear all
23 Jul 2026, 16:22 GMT

بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو پرسەیەکی شایستە بۆ پشتیوانە گەورەکەی دۆزی کورد، سیناتۆر لینزی گراهام، لە واشنتنی پایتەخت ڕێک بخرێت. پرسەکە سەرەتا لە بینای کۆنگرێس دەستپێدەکات، وەک پێزانینێک بۆ 31 ساڵ خزمەتی ئەو سیناتۆرە لە کاری حکومەت. دواتر بۆنەیەکی تر لە کەنیسەی گەورەی نیشتمانیی واشنتۆن ڕێک دەخرێت. پاش کۆتاییهاتنی پرسەکە، ئێوارەی سێشەممە تەرمی لینزی گراهام دەگوازرێتەوە بۆ ویلایەتی کارۆلاینای باشوور وەک دوا مەنزڵگەی ئەو سیناتۆرە. شوێنی دانیشتنی سیناتۆر لینزی گراهام لە بینای کۆنگرێس پاش گیانلەدەستدانی. خوشکی سیناتۆر لینزی، داڕلین گراهام، ڕایگەیاند، "سوپاسگوزاری هەموو ئەو کەسانەم کە کۆبوونەتەوە بۆ بەشداری لە پرسەی بەرزڕاگرتنی یادەوەری لینزی." کۆچی دوایی سیناتۆر لینزی گراهام شەقامی کوردی شۆک کرد. بەرپرسان و هاووڵاتیانی کوردستان بەشێوەیەکی فراوان خەمناکی خۆیان بۆ گیانلەدەستدانی دەربڕی، بەو پێیەی هەمیشە پاڵپشتێکی بەهێزی دۆزی کورد بووە.

Download item bundle
پرسەی لینزی گراهام ڕۆژی 28ـی مانگ لە واشنتن بەڕێوە دەچێت
23 Jul 2026, 15:08 GMT

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئێران لانی کەم یەک جار لە مانگی حەوت یارمەتیی سەربازی بۆ حوسییەکان ناردووە. چوار سەرچاوە بە رۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئێران لەم مانگەدا چەندین سەرکردەی سوپای پاسداران و ڕاوێژکاری سەربازی و موشەک و کەلوپەلی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ یەمەن ناردووە. سەرچاوەکان، کە دوو ئێرانی و وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن و شیکەرەوەیەکی ئاسایشی ناوچەکە لەخۆ دەگرن، ئەوەشیان خستووەتە ڕوو کە ئێران لە 13ـی ئەم مانگەدا کارمەندان و کەرەستەی سەربازی سوپای پاسدارانی بە فڕۆکە لە تارانەوە گواستووەتەوە بۆ یەمەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرژی نیوان ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر مەترسییەکانی ئەو وڵاتە لە تەنگەی هورمز گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ و حوسییەکانی یەمەنیش شەوی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر دوو کەشتی سعودیە. سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ئەمڕۆ رایگەیاند ئێران بە بەرپرسی کردەوەکانی حوسییەکان دەزانێت و لە دووبارەبوونەوەی هێرش بۆ سەر کەشتییەکان ئێران و حوسییەکان سزای توندی سەربازییان دەدرێت.

Download item bundle
ڕاپۆرت: ئێران موشەک و راوێژکاری سەربازی بۆ حوسییەکان دەنێرێت
23 Jul 2026, 14:57 GMT

ئەحەد شکوهیان، یەکێک لە گیراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی ئێران، لەلایەن لقی 26ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە جێبەجێکردنی سێ جار سێدارە سزا درا. بەگوێرەی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی دادبان، لقی 26ـی دادگای شۆڕشی تاران ئەحەد شکوهیانی بە تۆمەتەکانی "بەشداریکردن لە دوو تاوانی کوشتنی بەئەنقەست"، "کردەوە دژ بە ئاسایشی نیشتیمانی"، "کۆبوونەوە و هاوپەیمانی دژ بە ئاسایشی نیشتیمانی" و "تێکدانی سامانی گشتی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی" سزا داوە. ئەمە لە کاتێکدایە زیندانییەکانی یەکەی 2ـی زیندانی قێزێلحەساری کەرەج ماوەی دە ڕۆژە لە مانگرتن بەردەوامن بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین دژ بە زۆری ڕێژەی لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئێران. لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی دادبان هاتووە کە شکوهیان ڕۆژی 15ـی یەکی 2026 لە شارۆچکەی پاکدەشت نزیک لە تاران دەستبەسەر کراوە. دادبان هەروەها ڕاگەیاندووە کە لە پەیوەندی بەم دۆسیەیەدا، 12 تۆمەتباری دیکەش دەستگیر کراون و هەموویان بە یەک یان چەندین جار سێدارە سزا دراون. دادبان دەڵێت پرۆسەی دادگایی ئەحەد شکوهیان بە شێوەی "پێشێلکردنی بنەماکانی دادپەروەری" بەڕێوە چووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە دەستڕاگەیشتنێکی کاریگەر بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بێبەش کراوە و ئەو پارێزەرەی کە بۆی دابین کراوە تەنها لە یەک دانیشتنی دادگادا بەشداری کردووە. ئەم دامەزراوەیەی مافی مرۆڤ هەروەها ڕاگەیاندووە کە لە قۆناغی پێداچوونەوەشدا، بەڵگە و ئامرازە یاسایییەکانی پێشکەشکراو لەلایەن پارێزەری هەڵبژێردراوی شکوهیانەوە لەلایەن دادگا نەخراونەتە بەر لێکۆڵینەوە.

Download item bundle
ئێران سزای سێ جار سێدارە بە سەر خۆپیشاندەرێکی مانگی یەکدا دەسەپێنێت
23 Jul 2026, 14:40 GMT

ئامارەکانی تایبەت بە ڕووداوەکانی کوشتن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەریانخستووە کە ڕێژەی کوشتن لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزیوە. ساڵی 2025 وەکوو ساڵێکی مێژوویی بۆ دابەزینی تاوانی کوشتن تۆمار کرابوو، بە شێوەیەک ڕێژەکە کەمترین ئاستی لە ساڵی 1900ـەوە تۆمار کردووە. بە گوێرەی ئامارەکان کە لە لایەن ئەنجومەنی دادپەروەریی تاوانەکان ەوە ڕاگەیەندراوە، ڕێژەی تاوانی کوشتن ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی 2025 بە ڕێژەی 18% دابەزیوە. ئەگەر دابەزینەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ساڵی 2026 تۆمارەکەی ساڵی 2025 دەشکێنێت و دەبێتە دەستکەوتێکی مەزن بۆ ئەمەریکا. بە گوێرەی ئامارە ڕاگەیەندراوەکان، ڕێژەی تاوانە توندوتیژەکان لە سەرتاسەری ئەمەریکا ڕوو لە کەمبوونەوەن، بەڵام لە هەندێک شاری دیاریکراودا ڕێژەکە پێچەوانەیە. بۆ نموونە لە شارەکانی سان فرانسیسکۆ و داڵاس ڕێژەی کوشتن زیادی کردووە. دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی ویلایەتی جۆرجیا، ڕۆژی چوارشەممە کەمبوونەوەی تاوانەکانی کوشتنی وەکوو دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ئەمەریکاییەکان پێناسە کرد و بە سیاسەتەکانی حکوومەتەکەی گرێ دا. ئەنجوومەنی دادپەروەریی تاوانەکان پێی وایە کە گەلێک هۆکار هەن بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی تاوانە توندوتیژەکان لە ئەمەریکا. ئەم کەمبوونەوەیە تایبەت نییە بە ویلایەتێک یان شارێکی دیاریکراوەوە.

Download item bundle
لێکۆڵینەوەیەک دەری دەخات ڕێژەی تاوانی کوشتن لە ئەمەریکا زۆر دابەزیوە
23 Jul 2026, 14:34 GMT

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕێککەوتنی ئەمەریکای لەگەڵ سعودیە لە بواری پرۆگرامی ناوەکی بەستەوە بە بەشداریکردنی سعودیە لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی. سعودیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە دەبێت دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێت. سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ڕێککەوتنی ئەتۆمی مەدەنی، بەبێ پیتاندنی یۆرانیۆم، کە لە نێوان وەزارەتی وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سعودیە دەکرێت، کە تەنها پەیوەندی بە بەکارهێنانی ناسەربازییەوە هەیە و هاوشێوەی پرۆگرامەکانی ئێران و ئیماراتە، پەسەند دەکرێت. بەڵام ڕێککەوتنەکە بە تەواوی بەندە بە پەیوەستبوونی سعودیە بە ڕێککەوتنە زۆر گرنگ و سەرکەوتووەکەی ئیبراهیمی." ترامپ دەشڵێت ئەمەریکا دژی دامەزراوە ئەتۆمییە مەدەنییەکان نییە. وەزارەتی وزەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی سعودیە ڕاگەیاند بۆ هاوکاری لەبواری پەرەپێدانی تواناکانی سعودیە لە پرۆگرامی ئەتۆمی مەدەنی. چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنەکە نزیکەی 30 ساڵی کاری پێکەوەیی لەخۆ بگرێت و بە بەهای دەیان ملیار دۆلار بێت. وەزیری وزەی ئەمەریکا، کریس ڕایت، ڕێککەوتنەکەی بە "مێژوویی" وەسف کرد و ڕایگەیاند، "ئاماژەیە بە ویستی هاوبەشمان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و سعودییە، لە ڕێگەی فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەمان و بەهێزکردنی ئاسایشی هاوپەیمانانمان لە دەرەوە." ئەگەر سعودیە بەشداری لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی بکات، دەبێتە یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکانی جیهانی ئیسلامی کە دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەنێت. ڕێککەوتنی ئیبراهیمی ساڵی 2020 هاتە ئاراوە، هەنگاوێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان شارستانی و کۆمەڵگاکانی پێغەمبەر ئیبراهیم، وەک پەیامبەرێکی هاوبەشی جووەکان و مەسیحییەکان و مسوڵمانەکان. دیمەنی ساتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لە کۆشکی سپی بەرواری 15ـی نۆی 2020 لە کۆشکی سپی. سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی ئیسرائیل و وەزیری دەرەوەی بەحرەین و وەزیری دەرەوەی ئیمارات دەردەکەوێت. ساڵی 2020 ئیمارات و بەحرەین بە نێوەندگیری ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیل چوونە ناو ڕێککەوتنەکە. دواتر لە کۆتایی ساڵی 2020 مەغریبیش هاتە ناو ڕێککەوتنەکە. ساڵی 2021 سودان ئامادەیی خۆی بۆ هاتنە ناو ڕێککەوتنەکە دەربڕی، هەرچەندە ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە ڕێگر بوون لەوەی بتوانێت بە تەواوەتی جێبەجێی بکات. ساڵی 2025 کازاخستان وەک وڵاتێکی تری ئیسلامی بە تەواوی هاتە ناو ڕێککەوتنەکە.

Download item bundle
ترامپ دەڵێت سعودیە لە بەرامبەر پرۆگرامی ناوەکی پێویستە بێتە ناو ڕێککەوتنی ئیبراهیمی
23 Jul 2026, 13:38 GMT

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە هەڕەشەی کرد بە 'سزای توندی سەربازی' دژ بە ئێران لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر هێرشێکی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر هێڵی بازرگانی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا. سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "ساڵێک لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی زۆر بەهێز هێرشی کردە سەر حوسییەکان، بەهۆی دەستێوەردانەکانیان لە کاری بازرگانی بە تەقەکردن لە کەشتییەکان. بەڵام لەو کاتەوە و لە دەمی ململانێی ئێمە لەگەڵ ئێراندا، حوسییەکان زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەیان کردووە." ترامپ ڕایگەیاند، "بەداخەوە ئەوان ئێستا سەرلەنوێ دەست بەو هەڵسوکەوتە دەکەنەوە و شەوی ڕابردوو تەقەیان لە دوو کەشتی سعودیە کردووە. تکایە با ئەم ڕاستییە بزاندرێت: ئەگەر دووبارە ئەم کارە بکەنەوە، ئەمەریکا ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت، بەو پێیەی حوسییەکان بریکاری ئێرانن، وە سزای سەربازی گەورە بەسەر ئێران و بێگومان حوسییەکان دەسەپێندرێت." سەرۆکی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی حوسییەکان هەتا ئێستا "زۆر پیشەیی و زیرەک" مامەڵەیان کردووە، بەڵام دوای هێرشەکانی دوێنێ شەویان بۆ سەر کەشتییەکانی سعودیە "زۆر لێیان نائومێدم."

Download item bundle
سەرۆک ترامپ: ئەمەریکا ئێران بە بەرپرسیاری هەر هێرشێک لەلایەن حوسییەکانەوە دەزانێت
23 Jul 2026, 12:01 GMT

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە سێ چەکداری حەماسی لەناو بردووە، لەنێویاندا ئەندامێکی هێزی دەریایی حەماس کە بەشدار بووە لە هێرشەکەی7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 بۆسەر خاکی ئیسرائیل. بەپێی ڕاگەیاندنەکەی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل، عەبدوڵڵا جەحا، ئەندام لە هێزی دەریایی باڵی سەربازی حەماس، یەکێک بووە لەوانەی لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا چووەتە ناو خاکی ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل هەروەها دەڵێت کە دوو چەکداری دیکەی حەماسی لە ناو بردووە. سوپای ئیسرائیل ناسنامەی ئەو دووچەکدارەی ئاشکرا کردووە و دەڵێ ئەو دوانە بریتین لە محەممەد حەواری، فەرماندەی یەکەیەکی حەماس لە بەتالیۆنی زەیتوون، و سەبھی سەقاڵڵا، کارمەندێکی چاودێری لە هەمان بەتالیۆن. هێزەکانی ئیسرائیل هەروەها زیادی کردووە کە ئەم چەکدارانە خەریکی پلاندانان بوون بۆ ئەنجامدانی هێرشی تێرۆریستی دژی سەربازانی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی مەدەنی. زەیتوون ناوچەیەکی نیشتەجێبوونە لە شاری غەزە کە لە ماوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا چەند جارێک شایەتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بووە.

Download item bundle
سوپای ئیسرائیل ئەنجامدەرێکی دیکەی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر دەکوژێت
23 Jul 2026, 11:54 GMT

ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە سوپای ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە بۆ یەکەم جار لە قۆناغی نوێی ململانێکاندا، بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران، بۆمبهاوێژی ستراتیژی بی1ی بەکارهێناوە. بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی بی1 توانای هەڵگرتنی بۆمبی دوو هەزار پاوندی دژ بە بنکە ژێرزەمینییەکانیان هەیە. لە ماوەی شەڕی 39 ڕۆژەشدا ئەم جۆرە فڕۆکانە بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییە ژێرزەمینییەکانی کۆماری ئیسلامی بەکارهێنرابوون. ئەکسیۆس دەڵێت بۆمبهاوێژی بی1 لە ئۆپەراسیۆنی ڕۆژی سێشەممەدا لە بنکەیەکی سەربازیی بەریتانیا فڕیوە، بەڵام هێشتا دیار نییە کام ئامانجی لە ناو ئێران کردووەتە ئامانج. هەروەها، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، بێ ئەوەی ئاماژە بە بەشداربوونی ئەم بۆمبهاوێژە ستراتیژییە بکات، وتوویەتی هێزەکانی ئەمەریکا ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، تواناکانی دەریایی، حەشارگەکانی فڕۆکە، دامەزراوەکانی هەڵگرتنی درۆن و ژێرخانی لۆجستیکی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی زیاتر توانای ئێران لە هەڕەشەکردن لەسەر هاتووچۆی کەشتیە بازرگانیەکان لە تەنگەی هورموز لاواز بکەن. دونالد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە دواییدا هۆشداری دا کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە هێرشەکانی بەرامبەر کەشتییەکان بەردەوام بێت، دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانی لە چیای "کۆلەنگ" دەکرێنە ئامانج.

Download item bundle
ئەکسیۆس: ئەمەریکا بۆمبهاوێژی بی 1ی لە دژی ئێران بەکارهێناوە
23 Jul 2026, 11:46 GMT

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەراوێزی لوتکەی ئاسێئان(کۆمەڵەی نەتەوەکانی ئاسیای باشووری ڕۆژھەڵات) لێدوانەکانی پێشووی خۆی دووپاتکردەوە کە "ئێران ئامادە نییە بۆ ڕێککەوتن" و وتی "ئەوان باجی ئەم کارە دەدەن." مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی پێنجشەممە 23ی مانگی حەوت وتی "زیانی ئێران هەموو شەوێک زیاد دەکات تا ئەو کاتەی بە هۆش خۆیان دێنەوە." وتیشی "سەرەڕای قسە و باسەکانی ئێران، ئەوان ئازارێکی زۆر دەچێژن و ئەم ئازارە بەردەوام دەبێت لەسەریان." لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هیوای ئەوەی دەربڕی حکومەتی ئێران ئامادە بێت بۆ ڕێککەوتن و وتی پێدەچێت بەم زووانە ئەوە ڕووبدات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بەدڵنیاییەوە لە ئێستادا ئامادە نین بۆ ڕێککەوتن، لانی کەم ڕێککەوتنێک کە جێگای ڕەزامەندی ئەمەریکا بێت. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە پارەی ئێران بۆ کوژرانی سەربازە ئەمەریکاییەکان و هێرشکردنە سەر کەشتیەکان لە تەنگەی هورمز، ڕوبیۆ وتی سیاسەتی ترامپ وایە کە بەرامبەر بە دەرزیەک، سووژنێک دەچەقێنێت و لەبەرامبەر چاودا، سەر لێدەدات و بۆیە ئێران باجێکی قورس دەدات. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها هیوای ئەوەی دەربڕی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بوەستێن و وتی "هیوادارم هێرشەکانیان کەم ببێتەوە، ئێران فریوی داون." مارکۆ ڕوبیۆ ئەم قسانەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی نەتەوەکانی ئاسیای باشووری ڕۆژھەڵات لە مانیلای پایتەختی فلیپین کرد. بە گوێرەی هەواڵەکان شەڕی ئەمەریکا و ئێران بەشێکی زۆری تەوەری دیدار و کۆبوونەوەکان بووە و چاوەڕوان دەکرێ ئەندامانی ئاسێئان لە کۆتایی کۆبوونەوەی یەک هەفتەیی خۆیاندا لە بەیاننامەیەکدا جەخت لەسەر ئازادی هاتوچووی کەشتیوانی لە گەرووەکانی نێودەوڵەتیدا بکەنەوە.

Download item bundle
ڕوبیۆ: ئێران باجێکی قورس دەدات
22 Jul 2026, 18:28 GMT

فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی گەمارۆی دەریایی دژ بە کۆماری ئیسلامی بەردەوامن لە چاودێریکردنی کەشتیوانی لە ئاوەکانی نزیک گەرووی هورمز و تا ئێستا نۆ کەشتی بازرگانییان ناچار کردووە ڕێڕەوەکانیان بگۆڕن و کەشتییەکیشیان لەکار خستووە. لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، سێنتکۆم ڕایگەیاند هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لەسەر کەشتیی جەنگیی یو ئێس ئێس مایکڵ مێرفی چاودێری هەموو هاتوچۆیەکی کەشتیوانی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا دەکەن. ڕاشیگەیاند، "بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندی تەواو بە گەمارۆکان، سێنتکۆم هەتا 22ـی حەوت بە تێکڕا ئاراستەی 9 کەشتی بازرگانی گۆڕیوە و کەشتییەکیشی لەکار خستووە." سوپای ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئامادەیی سەربازی خۆی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا زیاد کردووە و دەڵێت بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی دژی کۆماری ئیسلامی، بە مەبەستی پێشگرتن لە هەڕەشەکان و دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی.

Download item bundle
سوپای ئەمەریکا بەردەوامە لە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران